مەنسوور جیھانی ـ سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەران، بەشداریی لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی ئیسپانیا کرد.
کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف"، ساڵی پار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و ھەروەھا لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرھێنەری فیلمەکە بەخشرا و ھەر ئەوکات "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی خولی داھاتووی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانکرا.
ھەر بەم بۆنەیەوە "شوان عەتووف" وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە ئیسپانیا بەشداریی کرد و دوای بینین و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتیان بەسەر سینەماکارانی سەرکەوتوودا دابەشکرد.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ھەروەھا بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٨ی ئاب / ئۆگۆست ٢٠١5 لە شاری فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا لە نزیک شاری مەدرید بەڕێوەچوو.
ئەکتەر و دەرھێنەری کورد "شوان عەتووف" پێشتریش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەغداد و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی فیلمی ناوخۆیی ئەندامی لێژنەی دادوەران بووە.
سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" دوو خەڵاتی لە فیستیڤاڵی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە ئیسپانیا بەدەستهێنا و خەڵاتەکانی پێشکەش کرد بە پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدا.
ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت کە کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home & Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا کاتژمێر 11ی شەوی 7ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلمەکانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم و هەروەها لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرهێنەری فیلمەکە بەخشرا.
"شوان عەتووف" بە هۆی سەرقاڵی بە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆیەوە نەیتوانی کە لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبێت کە لە کاتژمێر 10ی شەوی 8ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری فۆئێنکالینتێ لە ئیسپانیا بەڕێوەچوو، و بە جیاتی ئەم سینەماکارە کوردە، نوێنەری کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" سینەماکاری کورد "ئاوات عوسمان عەلی" لەوێ وەکوو نوێنەری دەرهێنەر بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان ئامادەبوو و هەر لەوێش پەیڤی "شوان عەتووف" دەرهێنەری کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل"ی گەیاندە ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە و ئەم دوو خەڵاتەی پێشکەش کرد بە پێشمەرگەکانی کوردستان لە بەرەکانی جەنگدا و ئەم وتانە بوونە جێگای سۆز و سەرنجی ئامادەبووانی فیستیڤاڵ.
هەروەها فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆنکالینتێ رۆرال" بڕیاریدا کە سینەماکاری کورد شوان عەتووف بە فەرمی بۆ خولی داهاتووی فیستیڤاڵ وەکوو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی نێودەوڵەتیی بانگهێشت بکات.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بۆ ساڵی داهاتوو فیستیڤاڵی ناوبراو 10 کورتە فیلم لە سینەماکارانی شارەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت دەکەن بۆ بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی و بەشی نمایش کردن و یەکێک لەم فیلمانە پاش هەڵسەنگاندن لە لایەن لێژنەی دادوەرانەوە خەڵات دەکرێت لە لایەن فیستیڤاڵەوە.
کورتە فیلمی کوردی "ماڵ و کلیل" بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگانە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: ئیسپانیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، ئیرلەندا، ڕۆمانیا، ئێران، کۆریا، سێربیا، ڕووسیا، سلۆڤاکیا، هۆنگ کۆنگ و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕکابەریدا بوو.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشنی و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 5 تا 9ی ئاب / ئۆگۆست 2014 لە شاری فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
ئەم فیلمە کوردییە تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداری کردووە، لەوانە: لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی 14ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ماڵی هونەریی ڤیدیۆیی "ئۆاهم" IVAHM لە شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئێست" East لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا، لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کراتکۆفیل پلووس" Kratkofil Plus لە شاری بانجالۆکا لە وڵاتی بۆسنی و هێرزێگۆڤین و هەروەها چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" ئەم ڕۆژانە بەشداری لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاندگراوند"ی Underground مۆنیخ دەکات کە ڕۆژی 11ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا دەست پێدەکات.
ئەم کورتە فیلمە کوردییە هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا کاتژمێر 10ی شەوی 29ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئۆکسێ" Okseø دەکات کە لە ڕۆژانی 29 تا 31ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری هامبوورگ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا ڕۆژی 17ی تەمموز / یۆنیۆی 2014 لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی کورتە فیلمی "بەهرە نوێیەکان"ی 26ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گیرۆنا" Girona لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە "شوان عەتووف" دەرهێنەری فیلمەکە بەخشرا.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد